کوردستان

هەسەدە گروپێکی ناو سوپای سوریا بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی تۆمەتبار دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە ڕایگەیاند، “گرووپە بێ دیسپلینەکان” کە لە ڕیزەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریادا کاردەکەن، بەردەوامن لە هەراسانکاری و دەستدرێژییە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی ته‌ماس لە ناوچەی دێر حافر.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئابی 2025، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەڵامی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سووریای لە بارەی ڕووداوەکانی ناوچەی منبج لە گوندەواری حەلەب دایەوە.

هەسەدە لە راگەیەنراوەکەیدا رەتی دەکاتەوە کە سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان بۆ بەشێک لە هێزەکانی ئەوان بگەڕێتەوە و لە بەرانبەردا ژمارەیەک گرووپی ناو سوپای سوریا بەنانەوەی ئاژاوە تۆمەتبار دەکەن دەشڵێن" هێزەکانیان وەک مافی بەرگری لە خۆکردن، وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە".
هەسەدە، وەزارەتی بەرگریی سووریا بە “شێواندنی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی ڕای گشتی” تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، “ئەمە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات”.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، هێزەکانیان تا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن پەیڕەو دەکەن بەرامبەر بە هێرش و هەراسانکارییە دووبارەکانی ئەو گرووپانە، “کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکداران، بۆ ئەوەی نیازەکانیان بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان پشتڕاست بکەنەوە”.

هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سووریا دەکات، کە بەرپرسیارێتییەکانیان هەڵبگرن و “ئەو گرووپە بێ دیسپلینانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، کۆنترۆڵیان بکەن”.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی بەرگری سووریا بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو، “هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە، هێرشی مووشەکییان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندی کیاریە و دەوروبەری لە گوندەواری منبج، کە بووە هۆی برینداربوونی چوار سەرباز و سێ هاووڵاتیی سڤیل”.باسی لەوەشکردبوو، “هێزەکانی سوپا کار لەسەر وەڵامدانەوەی سەرچاوەی ئەو بۆردوومانانە دەکەن کە گوندە سڤیلنشینەکانی نزیک هێڵەکانی پێشەوەیان کردووەتە ئامانج”.

 
2025-08-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.