کوردستان

بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کوردستان لیژنەیەک دێتە هەولێر

نهانیوز-هەواڵەکان

لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەتمەند سەردانی هەولێر دەکات و لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی هێرشەکان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تەمموز  لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق بە میدیای پارتی  ڕاگەیاند"شەممەی داهاتوو لیژنەکی تایبەتمەند دەربارەی درۆنەکان و دەستنیشانکردنی ئاراستەی هاتنیان بۆ سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە هەولێر، لیژنەکە ڕاستەوخۆ دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، تاوەکو پێویست بکات لە کوردستان دەمێننەوە و بەڵگەکان تۆمار دەکەن."

بە وتەی عەبدولخالق تەڵعەت، لیژنەکە لە هەواڵگریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی، بەڵگەی تاوان و چەند کەسێکی تایبەتمەند پێکدێن، پارچەی ئەو درۆنانە دەبینن کە ئاراستەی کوردستان کراون، ڕاپۆرتێک لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئامادە دەکەن، هەروەها لیژنەیەکی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان لەگەڵیان دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایەکە  لە مانگی ڕابردوودا بە چەند درۆنێک هێرشکراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکان ژێرخانی ئابووری و وزەی کوردستان، دامەزراوە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکانی کردووەتە ئامانج، بەشێکی درۆنەکان لە کێڵگە نەوتییەکان کەوتوونەتە خوارەوە و زیانێکی زۆریان بە بەرهەمهینانی نەوت گەیاندووە، بەشێکیشیان خراونەتە خوارەوە.

 
2025-07-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.