پارتی هۆشداری توند دەدات بە بەغدا و پهیامێكی کەمەرشکێنیشی ئاراسته دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایدهگهیهنێت، بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبێتەوە کە هەوڵی داگیرکاریی و دوبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن. دەشڵێت "پێویستە حكومهتى عێراق ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتیی دەستوریی خۆی بەرامبەر ههرێم پشتگوێ نەخات".
لەساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکاندا مهسعود بارزانى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان پهیامێكى بڵاوكردهوه و وتی "خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەو تاوانانەیان لەبیرناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بەگشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانیو مافە ڕەواکانی داوە".
بارزانى لهو پهیامهیدا هۆشداری دهدات و ڕایدهگهیهنێت "هەرگیز دەستبەرداری مافهكانمان نابین و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبینهوه کە هەوڵی داگیرکارییو دوبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنیو تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن".
ئەو ئاشکراشیکرد "لەساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییو تاوانێکی دڕندانە ڕژێمی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدواداهات، لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بازرانی دادەنهوێنینو هەمیشە بەڕێزو شکۆوە یادیان دەکەینەوە".
سەرۆکی پارتی "بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردوو، دەڤەری بارزان چەندینجار ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستان و سوتان و کۆمەڵکوژیی و وێرانکاریی بووەتەوە، بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتیی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردوانە، بەرگرییان لەکوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنانو نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندوە".
لهپهیامێكیشدا بۆ حكومهتى عێراق، مهسعود بارزانى بهپێویستى دهزانێت، "وەک هەمیشە دوپاتیدەکەینەوە، حکومەتی فیدراڵ پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتیی دەستوریی خۆی بەرامبەر بەقوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێبکات و چیتر مافەکانیان پشتگوێ نەخات".
|