نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، ئەو هێرشە درۆنیانەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەكەنە ئامانج، مەترسی گەورەن و دەبێت رێگرییان لێ بكرێت،
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکردووە "بافڵ تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی جێگری ئهدميراڵ ئێدوارد ئاڵگرن، راوێژكارى باڵاى بەرگری بهريتانيا بۆ رۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد".
هەر لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان کرا و جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت بەریتانیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند "مەترسییەکانی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە کۆتاییان نەهاتووە و پێویستمان بە ستراتیج و پلانی نوێ هەیە بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئەمە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت رێگریی لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکەمان تێکبدات."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پێشهاتەکانی سوریا تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بون و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەقامگیریی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی هەمولایەک بە تایبەت کورد کردەوە.