کوردستان

هیومان رایتس وۆچ:راگرتنی مووچە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چاودێریی تەندروستی و پەروەردە هەبوە

نهانیوز-هەواڵەکان

رێکخراوى نێودەوڵەتی هیومان رایتس وۆچ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت "پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بکەن، رێگری لە هێرشی زیاتر بۆسەر ژێرخانی وزە بکەن و دڵنیایی بدەن لە پێدانی مووچە بە تەواوەتی و لە کاتی خۆیدا".

رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بووەتە بارمتەی ناكۆكییە سیاسییەكان.

رێکخراوەکە باسى لەوەشکردووە، لەلایەن گرووپی نەناسراوەوە هێرشی درۆنیی کراوەتەسەر پێنج کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و زیانێکی زۆری بە بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە.

سارا سەنبەر، توێژەرى کاروبارى عێراق لە هیومان رایتس وۆچ، دەڵێت، "پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بکەن، رێگری لە هێرشی زیاتر بۆسەر ژێرخانی وزە بکەن و دڵنیایی بدەن لە پێدانی مووچە بە تەواوەتی و لە کاتی خۆیدا".

سارا سەنبەر، دەشڵێت، تێکدانی بە مەبەستی ژێرخانی نەوت، ئەگەری هەیە لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت بۆ دەست راگەیشتنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئەوەی دۆخەکە سەختتر دەکات ئەوەیە، هەزاران مامۆستا، پزیشک و پەرستار ناتوانن خەرجییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن، چونکە مووچەکانیان بووەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان."

ئەو توێژەرەى هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەوەش کۆی بەرهەمی نەوت 70% کەمیکردووە.

هیومان رایتس وۆچ دەشڵێت، "راگرتنی مووچەی کەرتی گشتی لەلایەن بەغدادەوە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کوالیتی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان هەبووە، لەوانەش چاودێریی تەندروستی و پەروەردە."

ئەو رێکخراوە راشیگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەولێر بەرپرسن لە پاراستنی ژێرخان و هاوڵاتییانی سڤیل و پێویستە بە نیازپاکیی کار بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی دانیشتووان بکەن و دابەشکردنی مووچە بکەنە کاری لە پێشینەیان.

2025-07-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.