کوردستان

جەبار یاوەر: سودانی بە تەنیا ناتوانێت سزای ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکان بدات

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوەدەکاتەوە کە عێراق دەزانێت کە چ لایەنێک بە درۆن هێرش دەکەنە سەر هەرێم، بیالم سودانی بە تەنیا ناتوانێت سزای ئەم گروپانە بدات.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێم لە لێدوانیکی دا بە میدیای یەکێتی راگەیاند" لەم ماوەیەدا 17 جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان و حکومەتی فیدراڵ دەزانێت ئەو گرووپانە کێن و ناسراون و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکەمجارە دانبەوەدادەنێت، کە هێرشەکان تیرۆریستین، بۆیە ئەو گرووپانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە ئەوانەن کە بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی راگەیاندراو بڵاودەکەنەوە".

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد کە تەنیا بە لێکۆڵینەوە لە جۆری درۆنەکان دەزانن، چ گرووپێک هێرشی کردووەتەسەر کێڵگە نەوتییەکان.

جەبار یاوەر راشیگەیاند"محەمەد شیاع سودانی، دەستی واڵایە بۆ سزادانی ئەوانەی هێرشە درۆنییەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێت سزای ئەوانە بدات، کە هێرشە درۆنییەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".

وتیشی" ئەو لیژنەیەی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، راپۆرتی لەسەر هێرشە درۆنییەکان ئامادە کردووە و بە راسپاردە رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە".

لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 20 جار بە درۆن هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان کە 7 یان بەر کێڵگە نەوتیان کەوت و زیانێکی زۆری بە بەرهەمهێنانی نەوت گەیاند.
 
2025-07-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.