پرسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 تاوتوێ دەکرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
بڕیارەی سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7ـی مووچەخۆران و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
بە پێی زانیارییەکان بڕیارە سبەی چوارشەممە 30ـی تەمموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و تێێدا سێ بڕگە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بڕگەی یەکەم، تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ دوا هەنگاوەکانی مووچەی مانگی 6 و 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمدا، تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، هەروەها کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) راپۆرتی وەزارەتەکەی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی دەخاتەڕوو.
بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکە، تایبەت کراوە بە خستنەڕووی چەند پێشنیازێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە، مووچە و شایستە داراییەکانیان.
|