قوباد تاڵەبانی لەسەر مووچە و هێرشە درۆنییەکان هاتە دەنگ
نهانیوز-هەواڵەکان
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەسەر، پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ رۆژی سێشەمە 29ـی 7ـی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا.
لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەکانی ئەو هێرشانە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێم، جەختیکردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیری عیراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت.
هیواشی خواست حکومەتی فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.
|