(نها) زانیاری ورد لەبارە زیانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
شارەزایەکی بواری نەوت دەلێت" کێڵگە نەوتییەکان لە هێرشە دڕۆنییەکاندا هیچ جۆرە زیانێکی راستەوخۆیان پێ نەگەیشتووە و ئەوەی هەیە بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان بە هۆی ئەمنی کارەکانیان وەستاندووە".
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەمموز نەوزاد موهەندیس، شارەزای بواری نەوت و وزە تایبەت بە (نها نیوزی) راگەیاند کە سەڕەرای بۆردومان و هێرشە دڕۆنییەکانی ماوەکانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەڵام ئەو کێڵگانە زەرەر و زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.
ئەو شارەزایە روونیشی دەکاتەوە کە هیچ دڕۆنێک لەناو کێڵگەکان نەکەوتووەتە خوارەوە یا خود هیچ بیرێک بە هۆی ئەو هێرشانەوە نەتەقاوەتەوە، بۆ نموونە سەبارەت بە خۆرمەڵە زیانێکی سنوورداری بەرکەوتووە و لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەتروش و شێخان و فیشخاپوریش بە هۆی مەترسی ئەمنی کۆمپانیاکان کارەکانیان وەستاندوە.
نەوزادی موهەندیس ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت ئەم هەفتەیە گەیشتتووەتە 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە و بریارە تا کۆتایی مانگی ئاب بەرهەمهێنان بگاتەوەوە بە 280 هەزار بەرمیل کە بە گوێرەی ڕێکەوتنەکە 230 هەزار بەرمیلی دەدرێت بە سۆمۆ و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆ بەکاردەهێندێت.
|