کوردستان

تۆڕی هاوپەیمانی19 : پەنابردن بۆ یاسا هەنگاوێكی ئەرێنیە، پێشوازی لێ دەكەین

نها نیوز – هەواڵەکان

تۆڕی هاوپەیمانی 19 كە زیاتر لە 30 رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەیان پارێزەری مافی مرۆڤ پێکدێن ولە لایەن سەنتەری مێترۆ سەرپەرەشتی دەکرێت، پشتگیری ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەکات ورایدەگەیەنێت، نابێت جیاوازییەكان بكرێنە بۆنەیەك بۆ هۆنینەوەی درۆ و بوختان و هێرش كردنە سەر كەرامەتی ئینسانی هەر هاوڵاتییەك، هیچ یاسایەكیش درۆزن و بوختانكەر ناپارێزێت.

تۆری هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، شنیار ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بەردەم دادگای سلێمانی كۆنگرەی رۆژنامەنووسی كرد و داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنووسێك تۆمار كرد كە "درۆ"ی بۆ هەڵبەستووە.
دەشڵیت "هەنگاوێكی ئەرێنییە بەرپرسانی حكومی و حزبی، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان، پەنا بۆ یاسا ببەن."

تۆڕی19 چاودێری ئەوەی كردووە، كە لەماوەی رابردوودا و تا ئێستا، بە شێوەیەكی رێكخراو هێرش دەكرێتە سەر پەرلەمانتار (شنیار ئەنوەر)، زۆرێك لە هەڵوێستەكانی بە ئەنقەست دەشێوێنرێن. 

ئاماژە بەوەشدەکات، "ئاساییە لەگەڵ (شنیار ئەنوەر) وەك پەرلەمانتار و چالاكوانێكی سیاسی جیاوازبیت، ئەو جیاوازییەش ئازادانە دەرببڕیت، بەڵام ناكرێت جیاوازییەكان بكەینە بۆنەیەك بۆ هۆنینەوەی درۆ و بوختان و هێرشكردنە سەر كەرامەتی ئینسانی، هیچ یاسایەكیش درۆزن و بوختانكەر ناپارێزێت،  لەكاتێكدا كە داوای ژینگەیەكی لەبار و سەلامەت بۆ رۆژنامەنووسان دەكەین، داواش دەكەین میدیاكاران بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێن و پارێزەری ناوبانگی رۆژنامەگەری و ئەو دەزگایە بن كە كاری تێدا دەكەن.

تۆڕی 19 جەخت دەكاتەوە "پەنابردن بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دادگاكان بۆ پاراستنی مافی ئەو كەسانەی كە بەهۆی راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسان زەرەرمەند بوون پارێزراوە و هەنگاوێكی پێشكەوتووە ، بەڵام نەكرێتە نەریتێك بۆ فشار، تا باس لە كەیسە هەستیارەكان نەكەن"

تۆڕی 19 لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە، (سەنتەری میترۆ) سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

2025-07-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.