کوردستان

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پیلانی بەقەزاكردنی قەرەتەپە بەردەوامە


نهانیوز-هەواڵەکان

بە وتەی بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، یاداشتێك ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری عیراق کراوە و داواکراوە کە پیلانی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە و دەستكاریكردنی باری دیمۆگرافی و سنووری كارگێڕی و جوگرافی ئەو ناوچە كوردستانییە هەڵبوەشێندرێتەوە.

كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند  "پاڵپشت بەماددەكانی 67 و 140 ی دەستووری عیراق، یاداشتێكم ئاڕاستەی سەرۆككۆماری عیراق وەك پارێزەری یەكەمی دەستوور كردووە و داوامكردووە رێوشوێنی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی پیلانی بەقەزاكردنی ناحیەی قەرەتەپە و دەستكاریكردنی باری دیمۆگرافی و سنووری كارگێڕی و جوگرافی ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان بگیرێتەبەر، كە پێشێلكارییەكی روونی ماددەی 140 ی دەستوورە".

"هەفتەی رابردووش سەرپەرشتی هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزای سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانم كرد و  105 ئیمزام لە دژی بەقەزابوونی قەرەتەپە و دەستكاریكردنی باری دیمۆگرافی و كارگێڕی ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان كۆكردەوە و بەنووسراوی رەسمی فراكسیۆنی یەكێتی ئاڕاستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و وەزارەتی پلاندانان كرا، سەرەنجامی یەكەمی هەوڵەكانمان ناحیەی كوڵەجۆی زەنگاباد لە پیلانەكە دەرهێنرا، ماوەتەوە كۆی پیلانەكە هەڵبوەشێنرێتەوە" كاروان یاروەیس وایوت.

ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەکۆی دەنگ، بڕیاری بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپەی پەسەندکرد، کە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، بەپێی بڕیارەکە، جگەلەوەی قەرەتەپە لە خانەقین دادەبڕێت، ناحیەکانی کۆکس و جەبارە لە کفری دادەبڕێت و دەخرێنە سەر قەزا تازەکە.

بڕیارەکە نیگەرانی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتووەتەوە و و پێیانوایە، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستورە.

پێشتریش پەیوەست بەمە ژووری هەواڵی (نهانیوز) پەیوەندی بە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد،ناوبرا رایگەیاند" ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بەم مەسەلەیە خستووەتەروو و بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپە و لکاندنی ناحیەی کۆکس و جەبارە بۆسەر قەرەتەپە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نادەستورییە و قبوڵکراو نییە". 

جەلال شێخ نوری زیادی کرد کە بۆ بە قەزاکردنی ئەو ناوچانەی کە جێناکۆکن وێرای رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی دەبێت رەزامەندی هەرێمی کوردستانیشی لەسەر بێت ودواتر گۆڕانکاری ئیداری و دیمۆگرافی بکرێن ، بۆیە ئێمە دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە.
 
2025-07-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.