وادەی لەدایکبوونی حکومەتی کابینەی دەیەم راگەیاندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەنگاوی پێکهێنانی کابینەی دەیەم جدی نییە، بەوەیش هەموو ئاماژەکان دەچنەوە بۆ ئەو خاڵەی بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێراقەوە.
د. فاتح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی ئەوەی ئایا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێش هەڵبژاردنی عێراق دەبێت؟ لە لێدوانێکدا بە میدیای ئاوێنەی وت "ئێمە هیچ جوڵەیەکی جدی نابینین کە ئەوەی لێبخوێنرێتەوە حکومەت پێکدەهێنرێت".
هەر لەوبارەیەوە ئاشکراشیکرد "هەرچەندە من ئاگاداری ئەوەم کە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ میوانێکی بیانی باسی لەوەکردووە؛ هەوڵ دەدەن پێش ئەوەی پەرلەمانی بەغدا هەڵبژاردن بکات؛ حکومەت پێکبهێنن. بەڵام ئەوە قسەیەکی عابرە "تێپەڕە" دەنا لە راستیدا هیچ شتێک نابینم".
ئەو پەرلەمانتارە خاڵە گرنگەکە دەخاتە روو و، دەڵێت "زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕوات کە دەیانەوێت لەنێوان خۆیاندا لەدوای هەڵبژاردنی عێراق تەسفیەی حسابات بکەن، بەڵام دووریش نییە هەندێک گۆڕانکاری دیکە بێتە پێشەوە؛ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن".
سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی پشووی پەرلامانی کوردستانیش، د. فاتح سەنگاوی ئامانەی بەوەدا، کە پشووەکە لە 1ی تەمموزەوە دەستیپێکردووە و بەپێی پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان 31ی ئاب کۆتایی دێت.
|