مەسرور بارزانی لەسەر مووچە بەپەلە دێتەسەر خەت و هەڵوێست رادەگەیەنێت
نها نیوز - هەواڵەکان
بەوتەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر، گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا "ئیرادەی سیاسییە". دەشڵێت "دەزانین کێ بەرپرسە لە هێرشە درۆنییەکان، هێرشەکان دوای واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکەوە بوو".
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵ (الشرق)، رایگەیاند "بەغدا هەموو كارتێكی فشار بەكاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە".
وتیشی "بەکارهێنانی پرسی مووچە وەك کارتی فشاری سیاسی، جێگەی داخە و ناكرێت مووچە ببێتە كارتی فشار لە ناكۆکیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".
وێڕای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەكارهێنانی مووچەی خەڵكی وەك كارتی فشار "قبوڵ" ناکات، دەشڵێت "بەپێی دەستوری عێراق خەڵكی مافی خۆیانە مووچە وەربگرن بەبێ دواكەوتن و هیچ فشارێك".
پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکانیشەوە، مەسرور بارزانی وتی "ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کەلە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەن سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن.
کۆمەڵێک وتەی دیکەی مەسرور بارزانی:
ـ پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە.
ـ هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ سەبارەت بە کەرکوک".
ـ دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز.
ـ پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە.
ـ پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سوریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
ـ کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران.
ـ هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ.
|