وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیارێك دژی زمانی كوردی دەردەكات
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیارێك دژی زمانی كوردی بۆ خوێندكاران دەردەكات و لە نووسراوێكدا قەدەغی كردووە لە زانكۆكان پرسیاری تاقیكردنەوەكان بۆ خوێندكارانی كورد بكرێت بە كوردی و دادوەرێكی كوردیش، كە پێشتر پەرلەمانتاری عێراق بووە دەڵێت: ئەوە پێشێلی دەستوورە و دەبێت لێپرسینەوە لە وەزیری خوێندنی باڵای بكرێت و پەرلەمانتارانی كورد و حكومەتی هەرێم بێنەدەنگ.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، كە 16ی ئەم مانگە ئاڕاستەی زانكۆ و كۆلێژە حكومی و ئەهلییەكانی (كەركوك و موسڵ و دیالە) كراوە، سەبارەت بە پرسیارەكان بۆ خوێندكارانی كورد جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەوەی، كە خوێندن بە عەرەبی و ئینگلیزییە و نابێت بكرێت بە كوردی.
حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە نووسینێكدا بەناونیشانی (کوان نوینەرانی کورد، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم؟) ئاماژەی بەوەكردووە، بەگویرەی ئەم نووسراوە وەزارەتی خویندنی باڵای عێراق قەدەغەی کردوە کە پرسیار لە زانکۆکانی موسل و کەرکوک و دیالە بکریت بەکوردی بۆ خوێندكارانی کورد، كە ئەمە پیشیلی تەواوی دەستوورە، چونكە خوێندكاری کورد نەک هەر لەو زانکۆیانە بەڵکو لە هەموو زانکۆکانی عێراق بۆی هەیە داوا بکات پرسیاری بۆ بکرێت بە کوردی و تەنانەت بە کوردیش وەڵام بداتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پێویستە نوینەرانی کورد ئیستجوابی وەزیری خوێندنی باڵا بکەن لەسەر ئەم پێشێلکاریە دەستوورییەی، کە بریکارەکەی کردویەتی.
دەشڵێت: حکومەتی هەرێمیش دەبێت هەڵوێستی هەبێ ئەگەر ڕێگا نەدرێت بە خوێندكاری کورد بە زمانی کوردی پرسیاری بۆ بنووسرێت و ڕێگای پێ نەدرێت بە کوردی وەڵام بداتەوە دەبێ مامڵەی هاوشێوە بکات بۆ خوێندكارانی غەیرە کورد لە زانکۆکانی هەرێم.
|