نهانیوز-هەواڵەکان
شاندی ئیمرالی لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایانگەیاند کە ئۆجەلان شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەک دانانی پەکەکەی زۆر بە نرخ و بەهادار زانیوە".
شاندی دەم پارتی دوای دوایین دیداریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا “بیروبۆچوون لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە ئاڵوگۆڕ کرا کە شاندەکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک کۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامی داون”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، زانیاری لەبارەی تێبینییەکان و کاردانەوەی ڕێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دراوەتە ئۆجەلان و لە بەرامبەردا، ئۆجەلان “شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، ویست، باوەڕ و سووربوونی پیشاندراو لەبارەی ئاشتی بە (زۆر بە نرخ و بەهادار) زانیوە”.
سەبارەت بە کاری ئەو کۆمسیۆنەی کە لە کارنامەی پەرلەمانی تورکیادایە، ئۆجەلان هیواخواز بووە کە “بە شێوازێکی گشتگیر و فراوان، خزمەتێکی گرنگ بە ئاشتی و دیموکراسی بکات”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە 11ی ئەم مانگەدا گروپێکی 30 کەسی لە گەریلاکانی پەکەکە وەک نیازپاکی پەکەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ڕێوڕەسمێکی سەمبۆلیکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە باشووری کوردستان چەکەکانیان سووتاند.