کوردستان

گۆڕان بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی راگەیاند

نها نیوز - هەواڵەکان

سبەی 16 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەكەم بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردندا، ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕانی كوردسات بەوبۆنەیەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا دەڵێت "لەنێوان دووڕیانی خۆرێکخستنەوە و بەهێزکردنی برایەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانمان، یان کۆتایهێنان بە کاری سیاسیی؛ یەکەم هەڵدەبژێرین".

زیاتری ئاشکراکرد و وتی "وەک هێزێکی دور لە تەوریسی سیاسیی دەمێنینەوە.. بۆشایی گۆڕان پڕنەكراوەتەوە".

دەقی راگەیەندراوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان: 

هاونیشتمانیانی بەڕێز..
‏‌‎هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..
لە ئێستادا، یادی (١٦) ساڵەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەینەوە، کە لە هەڵبژاردنی خولی سێهەمی پەرلەمانی کوردستان لە (٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩)دا، بە دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان لە سندوقەکانی دەنگدان تۆماریکرد.
هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند دەرەنجامێکی ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا لێکەوتەوە، لەوانە
# گۆڕان وەک هێزێکی جەماوەری ڕچەشکێن، بۆ یەکەمجار لەسەر بنەمای دەنگدان و خەباتی مەدەنی و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و ڕاستەقینە دەرکەوت.
# ده‌رگای‌ واقعێكی‌ نوێی سیاسیی كرده‌وه، بە هێنانەئارای مۆدیلێکی بەرهەڵستکاری بێ پێشینە؛ کە سەنگ و دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتیانی لە تەرازوی پرۆسەی سیاسیی بەهێزکرد.
# وەک هێزێکی مەدەنی بێ چەک، بە واقع سەلماندی؛ چەک تاکە ئامرازی ململانێی سیاسیی و گرتنەدەستی دەسەڵات نیە، بەڵکو هەڵبژاردن و کێبڕکێی دیموکراتی؛زەمینەیەکی لەبارترە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.
# دامەزراوەی پەرلەمانی گۆڕی، لە ئامرازێکی دەستی حیزبەوە بۆ مەیدانی ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی بودجە و داهات و لێپرسینەوە لە حکومەت و دەسەڵاتداران.
# سیاسەتی گەڕاندەوە بۆ ناو خەڵک و هاوڵاتیان، سنوردارکردنی دەستێوەردانی حیزب لە دەزگا و دامەزراوەکانی؛ زانکۆ، بازاڕ، ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت.
# ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کرد. هەوڵی بێ وچانی دا پێگەی کورد لە دامەزراوەکانی عێراقی فیدڕاڵدا بەهێز بکرێ و پێداگیری لەسەر ستراتیجێکی ھاوبەشی نیشتمانی کردەوە، بەشێوەیەک نوێنەرەکانی کورد شەڕ بۆ مافە نەتەوەییەکان بكەن، هاوکات دەزگای نیشتمانی بۆ دانوستان دروست بکرێ، بە ئامانجی وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی هەرێم، بۆ مافە دەستوری و ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان.
# پشتیوانیکردن لە ئازادییە سیاسیی و شارستانیەکان، بەتایبەت ئازادی ڕۆژنامەوانی و بیروڕا، فراوانکردنی مەودای ڕەخنەگرتن و قسەکردن لەسەر پرسە گشتیەکان.
# ئەو تایبەتمەندییە ڕێکخراوەیی و سیاسییەی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک پێویستیەکی بابەتی هێناویەتە ئارا، بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتووەتەوە، کە لایەنی دیکە داهێنانی تێدا بکەن، یاخود بەرنامە و پلانکاری سیاسیی تێپەڕێنن.
سەرباری ئەو جێکەوت و لێکەوتە ئەرێنیانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتیوانی خەڵک لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێم دروستیکرد، بەداخەوە ئێستا «گۆڕان» بە قۆناغێکی سەختی ڕاگوزەردا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و شکستی کەمەندکێش؛ دوچاری دەیان کێشەی سیاسیی و یاسایی و ڕێکخراوەیی و ئابوری کراوە.
لەم هەلومەرجە دژوارەدا، ئێمە نەک بێئومێد نابین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەنێوان دووڕیانی خۆرێکخستنەوە و بەهێزکردنی برایەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانمان، یان کۆتایهێنان بە کاری سیاسیی؛ یەکەم هەڵدەبژێرین و وەک هێزێکی دور لە تەوریسی سیاسیی، کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی و گۆڕانخوازان خەباتیان بۆ کرد بەردەوام دەبین و دەمێنینەوە.
پێویستە ئەو ڕاستیەش بوترێ، پاشەکشێی بزوتنەوەی گۆڕان بە تەواوی بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە دیارە، بۆشایی گۆڕان، نەک پڕنەکراوەتەوە، بەڵکو خەڵکەکەمان بێ پشتوپەناتر و خەباتی پەرلەمانی  بێ کاریگەرتر و قەیرانی دارایی تەنگی بە ژیانی موچەخۆران و هاوڵاتیان هەڵچنیوە، هاوکاتیش بەرنامەی سیاسیی و نەخشەڕێگا و پاکێجەکانی چاکسازی زیندون، بۆئەوەی چیدیکە هەرێم بەرەو هەڵدێر نەبرێت؛ دەبێ بەمتمانەوە ئەو ڕێگایە بەرنەدەین، کە گۆڕان لەپێناوی دامەزراوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ی تەموزی ٢٠٢٥
2025-07-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.