بریارە ئەمرۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایار خەرج بکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بریارە ئەمڕۆ هەرێم بری 120 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و لە بەرامبەردا بەغدا مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیای پارتی رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی چەندین پەیوەندی تەلەفونی لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دواجار بەغدا رازی بووە بە ناردنی مووچەی مانگی 5ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی ئەو نەوتەی کە ئێستا بەرهەمدەهێنرێت کە برەکەی 81 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا.
ئەم گۆرانکارییە لە مووچە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام درا و تێێدا بریار درا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت.
چاوەڕێ دەکرێت ئەمرۆ، بڕی نزیکەی ٩٥٢ ملیار دینار وەک موچەی مانگی پێنج ئەمڕۆ بۆ هەرێم خەرجبکرێت.
رۆژی 17ی تەمووزی 2025 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دوای سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکى نائاساییدا لێکتێگەیشتنى نێوان هەولێر و بەغدادى لەبارەى داهات و مووچە پەسەندکرد و کۆتاییهێنا بە زیاتر لە دوو مانگ لە گفتوگۆ و دانوستانى نێوان هەردوو حکومەت.
|