کەجەکە لەبارەی چەکدانانەوە لە هەولێر و دهۆک هاتەدەنگ و مەرجێکیشی ئاشکراکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە پەکەکە بۆ گەڕی دووەم چەکەکانیان لە هەولێر و دهۆک دابنێن، بەڵام هاوسەرۆکی کەجەکە ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و بە "هەواڵێکی پوچ" ناوەزەندی دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە مەرجیان هەیە بۆ دانانی چەک تاوەکو ئەو مەرجەش "رایی نەکرێت" گروپێکی دیکە بۆ چەکدانان راناسپێرن.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەبارەی مەرجەکانیانەوە بە میدیای "ستێرک تیڤی"، راگەیاند "شتەکە گەیشتووە بەو دەرنجامەی پرسی کورد لەسەر بنەمای سیاسی و دیموکراتیکی چارەسەر بکرێت. بەم هۆیە پێویستە یاساکان بگۆڕدرێت. بەڕوونی ئەمەمانوتووە. ئیدی شتەکە کەوتووەتە ئەستۆی دەوڵەتی تورک".
بەوتەی بایک "گەر دەوڵەتی تورک خواستی چارەسەری هەبێت ئەوا پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت. دەبێت هەلومەرج، سیاسەت، یاساکانی پەیوەست بەڕێبەر ئاپۆوە بگۆڕدرێت. تەنها لەو دۆخەکە پرسەکان بەرەو چارەسەری دەڕۆن".
بەوتەی ناوبراو "ئەگەر دەوڵەتی تورک دەیەوێت فریومان بدات، بێ چەکمان بکات، نیگەرانمان بکات و ئامانجەکانی لە دژی گەلی کورد جێبەجێ بکات؛ ئەوا هیچ ئیمکانێکی ئەمەیان نابێت. پێویستە زۆر بەڕوونی هەموو کەسێک لەمە تێبگات".
هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر تورکیا گۆڕانکاری لە هەلومەرجی "ڕێبەر ئاپۆ" بکات، گۆشەگیری لاببات و بەشێوەیەکی ئازاد خەبات بکات، وە بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەمووکەسێک دابنێت، "یاساکانی ئازادی و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بەرەوپێش ببات، ئەوا بنەمایەک دروست دەبێت و دەتوانین چەک دانێین. تاوەکو ئەمە ڕوونەدات کەس ناتوانێت داوامان لێبکات چەکەکانمان دابنێین".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەمیل بایک وتوشیەتی "لە میدیاکاندا هەندێک گفتوگۆ هەیە؛ دەڵێن ‘لە دهۆک چەک دادەنێن’ یان ‘لە هەولێر چەک دادەنێن’. ئەمانە قسەی پوچن. کەس ناتوانێت بەم شێوەیە فشارمان لێ بکات، نە دەشتوانێت دەرفەتێکی بەمجۆرە دروست بکات. ڕەنگە هەندێک بیانەوێت وامان لێبکەن هەنگاوی لەو شێوەیە بنێین، بەڵام تاوەکو ئەو مەرجانەی باسم کرد بە دی نەیەن، ناتوانین گروپێکی نوێ بنێرین. ئەمە مەحاڵە".
راشیگەیاند "ڕێبەر ئاپۆ چەندینجار داوای دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە. دەڵێت؛ دەبێت ئەم کۆمسیۆنە بەشێوەیەکی یاسایی دابمەزرێنن. چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەبێت کۆمسیۆن بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی دامەزرێت. چونکە تاوەکو لەبواری یاساییدا بونیات نەنرێت، هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو کۆمیسیۆنە لەناوبەرن".
لە درێژەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی کەجەکە باسی لەوەشکرد، لە ڕابردوودا کۆمسیۆنەکان دامەزران. ئەو کۆمسیۆنانە نەیانتوانی هیچ بەدەست بهێنن. کۆمسیۆنەکان زانیارییان کۆکردەوە و "بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان دەدا. ئەوکات سەرۆک وەزیران بووە؛ ئەوان زانیارییان پێدەدا. ئەو کۆمسیۆنە پرسەکەی چارەسەر نەکرد. ئەگەر ئەو کۆمسیۆنەی ئێستا دادەمەزرێت بەم شێوەیە بێت، ناتوانێت پرسەکان چارەسەر بکات".
ئاشکراشیکرد "ئەوەندەی تێبگەین، ئەو کۆمسیۆنەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت دامەزراوە. ئەوانەی ساڵانێکە لە چیادان چییان کردووە و بەپێی ئەمە سزایان چییە؟ دەیانەوێت ئەمە دیاری بکەن و بەو پێیە هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم کۆمسیۆنە تەنها چەکدانانە".
ئەوەشی خستە روو، پرسەکە تەنها پەیوەندی بە چەکدانانەوە نییە. بێ چەکبوون بەشێکە لە پرسەکە نەک هەمووی، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت پرسەکە تەنها لەسەر بنەمای بێ چەکبوون پەرە پێبدات. "ئەگەر ئەمە بێتەدی، بەپێی ئەوان هەموو پرسەکان چارەسەر دەبن، بەڵام وا نییە. پرسی کورد تەنانەت پێش تێکۆشانی چەکداریش هەبووە".
ئەو زیاتری ئاشکراکرد و وتی "لەلایەک دەڵێن ‘کۆمسیۆن دادەمەزرێنین’، لەلایەکی دیکەوە ئۆپەراسیۆن لە دژی جەهەپە ئەنجام دەدەن و دەیانخەنە زیندانەوە. هەرلەبەر ئەمەش جەهەپە - ئۆزگور ئۆزەل وتی؛ لە ئێستادا بەشداربوون لە کۆمسیۆنەدا ڕادەگرین".
"ئەگەر جەهەپە بوەستێت یان بەشداری نەکات، کۆمسیۆن چۆن پرسەکان چارەسەر دەکات؟ کام پرس چارەسەر دەکات؟ ئەگەر بەڕاستی کۆمسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی دیموکراسی دابمەزرێت، ئەوا دەبێت هەموو تەڤگەرێکی سیاسی بەشداری ئەم کۆمسیۆنە ببێت. ئەوکات بە پشتگیری کۆمەڵگە پرسەکە چارەسەر دەبێت". جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە وا دەڵێت
|