قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین کۆبووەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(17/7/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی چینی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەڕووی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و گەشەپێدانی ئابورییەوە. هیوای خواست لە داهاتوودا کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاوڵاتییانی هەرێم سودمەند بن لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆکوەزیران رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی بۆ کونسوڵی چین روونکردەوە و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کێشەکان بەپێی دەستور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.
|