نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق فەرمانی خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی داوە و ناردنی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکان لەلایەن هەرێمەوە و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارە دێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بۆ ئەوەی بەغدا دەست بە تەمویلی مووچەی مانگی 5 بکات، دوو داواکاری لە حکومەتی هەرێم هەیە، ئەوانیش رادەستکردنی بڕی دیاریکراو لە داهاتی نانەوتی و هەروەها بابەتی نەوت.
راشیگەیاند، تا رۆژی یەک شەممە 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ و پرسی هەناردەی نەوت یەکلایی دەبێتەوە و دەبێت بەغداش فەرمانی خەرجکردنی پارەکە بدات و ئێمەش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین.
جەختیشی کردەوە، کە حکومەتی عێراق فەرمانی خەرجکردنی پارەکەی داوە و ناردنی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکان لەلایەن هەرێمەوە و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارە دێت.
سەبارەت بە مووچەی مانگی شەش ئاماژەی بەوەدا، لە دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج، راستەوخۆ دەچنە سەر پرسی مووچەی مانگی شەش و هەمان رێکار دەگرنەبەر و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمیش ڕایگەیاندووە، لیستی مووچە ئامادەیە و هەر كات وەزارەتی دارایی عێراق پارە بنێرێت لیستەكە ڕادەگەیەنن و لە 3 بۆ 5 ڕۆژدا مووچە دابەش دەكەن.
ئەمرۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دوای سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکى نائاساییدا لێکتێگەیشتنى نێوان هەولێر و بەغدادى لەبارەى داهات و مووچە پەسەندکرد و کۆتاییهێنا بە زیاتر لە دوو مانگ لە گفتوگۆ و دانوستانى نێوان هەردوو حکومەت.