کوردستان

وردەکاری رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و مووچە ئاشکرا کرا

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزیری دادی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ڕێککەوتنەکەی ئەمجارەی نێوان هەولێر و بەغدا درێژخایەنە و حکومەتی عێراق مووچەی مانگی ئایار دەنێرێت و مانگەکانی دیکەش دوای وردبینی ڕەوانە دەکرێن.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەربارەی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت و مانگەکانی دیکەش دوای وردبینی خەرج دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سوپاسی ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیشی کرد بۆ هاتنەئارای ڕێککەوتنەکە.

خالید شوانی وتیس"  ڕێککەوتنەکەی ئەمجارە درێژخایەنە و تا کاتی پەسەندکردنی بودجەی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

وەزیری دادی عێراق ڕوونیشیکردەوە کە بە پێی ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانەش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا دەکات و 50 هەزار بەرمیل رۆژانەش بۆ بە کاربردنی ناوخۆییە، ئەگەر بەشی نەکرد، ئەوا حکومەتی عێراق 15 هەزار بەرمیلی دیکەی پێدەدات، بەڵام ئەو 15 هەزارە بەبێ بەرامبەر نییە."
 
سەبارەت بە هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم میدیای پارتی بڵاویکردووەتەوە کە  "لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی وتووە کە ئامادەن لە ئێستاوە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ئەوەیش پێی راگەیاند، ئامادەین و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە."
 
بەوتەی سەرچاوەکە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 


2025-07-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.