نها مەترسییەکی گەورەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر ئیدارەی گەرمیان ئاشکرا دەکات
نها نیوز-هەواڵەکان
لەسەرەتای مانگەوە شەپۆلێکی یەک لەدوای یەک درۆن لەلایەن دەستێکی نادیارەوە بیرە نەوتییەکانی ناوچەی زەرد و سەوزی هەرێم دەکاتە ئامانج، بەپێی رای شارەزایان ئەو پەیامە لە عێراقەوە ئاڕاستە دەکرێت و جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ مووچە و بودجە پەیامێکیشە بۆ دابڕاندنی چەند شارۆچکە و گوندێک لە ئیدارەی گەرمیان و لکاندنی بە پارێزگای دیالەوە. لەوبارەیەوە نها بەدواداچونیکرد و لەزاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە ئەو مەترسییە پشتراست دەکاتەوە و؛ ناوبراو دەڵێت "دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپەی دەرکرد، لایەنە کوردییەکان بە توندی دژی بڕیارەکە وەستاونەتەوە، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و هەروەها، بڕیارەکە پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستورە".
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەکۆی دەنگ، بڕیاری بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپەی پەسەندکرد، کە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، بەپێی بڕیارەکە، جگەلەوەی قەرەتەپە لە خانەقین دادەبڕێت، ناحیەکانی کۆکس و جەبارە لە کفری دادەبڕێت و دەخرێنە سەر قەزا تازەکە.
بڕیارەکە نیگەرانی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتووەتەوە و و پێیانوایە، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستورە.
پەیوەست بەمە ژووری هەواڵی (نهانیوز) پەیوەندی بە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد،ناوبرا رایگەیاند" ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بەم مەسەلەیە خستووەتەروو و بڕیاری بە قەزابوونی قەرەتەپە و لکاندنی ناحیەی کۆکس و جەبارە بۆسەر قەرەتەپە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نادەستورییە و قبوڵکراو نییە".
جەلال شێخ نوری زیادی کرد کە بۆ بە قەزاکردنی ئەو ناوچانەی کە جێناکۆکن وێرای رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی دەبێت رەزامەندی هەرێمی کوردستانیشی لەسەر بێت ودواتر گۆڕانکاری ئیداری و دیمۆگرافی بکرێن ، بۆیە ئێمە دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە.
وتیشی" ناحیەی کۆکس کە ناحیەکە لە ساڵەکانی 1972 حکومەتی بەعس هەڵیوەشاندووەتەوە و دوای پرۆسەی ئازادی لە 2003 هەرێمی کوردستان لەبەر بەرژەوەندی خەڵکەکە خۆی ئاوەدانی کردووەتەوە و نابێت ئەوە ناحیەی هەرێم ئاوەدانی کردووەتەوە عێراق بیخاتە سەر حکومەتی فیدراڵی".
جەلال شێخ نوری راشیگەیاند کە " ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە کە لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیە بۆی باسکردنین کە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە پێچەوانەی رێنماییەکان و لەدەرەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەن واژۆی بۆ ئەم بڕیارە کۆکردووەتەوە ".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکە یان قوڵتربوونی ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ( نهانیوزی) وت" ئێمە وەکوو ئیدارە نوسراو و رەسمیاتی خۆمان ئاراستەی سەروو خۆمان کردووە وپەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاجیاکانیش لەم ناوچەیە هەڵوێستی خۆیان رێکخستووە ویادداشتیان ئاراستەی لایانە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی چ لە پەرلەمان و چ لە سەرۆکایەتی کۆمار، کردووە".
لە کۆتاییدا جەلال شێخ نوری جەختی لەوەشکردەوە کە لە درێژەی ئەو هێرشە درۆنیانەی کە هەرێمیان بە ئامانج گرتووە لە ئیدارەی گەرمیانیش لە چەند رۆژی رابردوودا پارچە درۆن بیندراوە و خۆشبەختانە هیچ ئامانجییەکیان نەپێکاوە.
|