کوردستان

پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە عێراق دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەڵێت "لەچوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆسەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە".

پارتی بەهۆیەوە داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکومەت" دەکات، 

ئەوەش هاتووە "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاوڵاتییاندا بکرێت".

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نشتیمانییان، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەن بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت". 

هاوکات دەشڵێت "پێویستە عێراق هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە".

فراکسیۆنەکە هێرشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی" ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن. 

لەبارەی ئەوەی هێرشەکان لەکوێوە ئاڕاستەی گرتووە، فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت "زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانن، بە هیچ ڕەنگێک نیشتمانپەروەر نین، بەڵکو کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان دەگەیەنن لەسەر حیسابی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی".

ئەوەیش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ڕۆژانە هێرشی درۆنی دەکرێنە سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، بەڵام تائێستا لەبەرامبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نە کەس دەستگیرکراوە و نەکەسیش سزا دراوە. 
 
2025-07-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.