کوردستان

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەکێتیی بڵاو کرایەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ بڵاو کردەوە و تەئكیدی  لەسەر ستراتیژی كوردستانی و پێكەوەیی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و تیمی كوردستانی كرد لە چارەسەركردنی ئەو پرسە.

دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی :

ئەمڕۆ (١٦-٧-٢٠٢٥) ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی كۆبووەوە .

كۆبوونەوە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دواپێشهاتەكانی پرسی مووچەو گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دیاردەی دزێوی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاكانی  كوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەكان .

سەركردایەتی یەكێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنكارانەی كرد كە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵاتەكەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .

كۆبوونەوە داواشیكرد حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاوڵاتیانی كوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلكاریانە رووبەڕووی دادگایان بكەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.

بەشێكی تری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی  ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵك،  بە تایبەت پێویستی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی .
كۆبوونەوە تەئكیدی  لەسەر ستراتیژی كوردستانی و پێكەوەیی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و تیمی كوردستانی كرد لە چارەسەركردنی ئەو پرسە. 

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لەهەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و ئومێدی سەرخستنی هەوڵەكان و پابەندبوونی هەموولایەك پێوەی روونیكردەوە ئەوەی بەدەست هاتووە بەرهەمی یەكڕیزی و پێكەوەیی هەڤاڵانی سەركردایەتیی یەكێتییەكەمانە كە پشتیوانمانن و دەستكراوەیان كردووین بۆ داكۆكی زیاتر لە ویست و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بە پێكەوەییمان و یەكڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داكۆكی لە شایستە داراییەكانی خەڵكەكەمان بكەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان باشتر بپارێزین . 

 
2025-07-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.