کوردستان

"نها" ورده‌كاری ڕەشنوسی ڕێکكه‌وتنه‌ نوێكه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

نها نیوز – هەواڵەکان

لە دوای چوونی سەرۆکی یەکێتیی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق لێکتێگەیشتنی نوێ لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتە کایەوە و ئەمرۆش ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیدا لەسەر لە یەکترتێگەیشتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی نها، له‌ كۆبونه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی و محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ ئاماده‌بونی فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق (له‌ پشكی پارتی) پێشنیارێك هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه‌، ئه‌ویش پێدانی 120 ملیار دینار له‌ داهاتی نانه‌وتی و 230 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه‌ به‌ به‌غدا له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئەمرۆش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بە فەرمی رایگەیاند دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادارلە بەغدا رایگەیاند، بە خێرایی داوا کراوە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی نها، ئێستا هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مشه‌وی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بە بەشداریی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی و فۆئاد حسەین  ده‌كات كه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ په‌سه‌ند بكات و دواتریش سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی  وەزیرانی عێراقدا ،محه‌مه‌د شیاع سودانی بڕیاری ناردنی پاره‌ی موچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بدات.

بەپێی وتەی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ میدیای پارتی قسەی كردووە، "لێکتێگەیشتنەکە لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە و وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات. "

 

2025-07-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.