نها نیوز-هەواڵەکان
دوای 76 رۆژ لە دابەشنەکردنی مووچە، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق مژدەیەک بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدات و دەڵێت "بەمزووانە کێشەکان چارەسەر دەکرێن و مووچە دەنێردرێت".
بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکدا لە بارەى ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و پرسی مووچە،جەختی لەوە کردەوە، قەیرانی مووچە پەیوەندی بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە هەیە و چاوەڕێدەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکان لەبارەی پرسی مووچە چارەسەر بکرێن.
دەشڵێت "سوودانی نیەتی باشی هەیە، بەڵام ناتوانێت سەربەخۆیانە بڕیار لەبارەی مووچە بدات و ناکرێت بۆ چارەسەری کێشەکان یاسا و دەستوور پێشێلبکرێن".
هەروەها ناوبرا، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە تۆمەتبارکرد ورایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوت زیانی گەورەی لە عێراق داوە و هۆکاری راگرتنەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەغدادیش هەرگیز نیەتی ئەوەی نییە کۆتایی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بهێنێت.
جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق ، دەتوانم مژدە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدەم بەمزووانە کێشەکان چارەسەر دەکرێن و مووچە دەنێردرێت و زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکاندان.
ئەمە لە کاتێدایە کە نزیکەی 80 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم چاوەروانی مووچە و ماف وشایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەک لە لایەن هەر دوو حکومەتی بەغدا و هەرێمەوە را نەگەیەندراوە.