سودانی پەیامێكی بەپەلەی لەبارەی ناردنی مووچەی هەرێم بڵاوكردەوە
نها نیوز-هەواڵەکان
سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە دوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ لە دەرەوەی یاسای بودجە، گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكەین.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەمیانەی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوە كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان و ئەوەش پێشێلكردنی یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە.
سودانی راشیگەیاند، دوو سێ کۆبوونەوە لەبارەی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کرا و دواترهەولێر شاندی نەنارد، دەشڵێت، "لە پەسەندكردنی یاسای بودجەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان."
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت بەبێ پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
وتیشی "هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و دەوڵەتی عێراق رێزی لێدەگرێت" و رەتیكردەوە ئەو بابەتانە سیاسی بن و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو بابەتە بە تەواوەتی یاسایی و تەكنیكییە.
|