نهانیوز-هەواڵەکان
ئەپیکۆر ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە مەرجێک شایستە داراییەکان و پابەندییەکانی حکومەت دابین بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی تەمموز کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر ) راگەیەنراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و دۆخی ئێستا و دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەی ئەپیکۆر دا هاتووە" بەخۆشحاڵییەوە، دانووستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چڕتر بووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە".
دەشڵێت" کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆرو نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن، بەشدارییان لە کۆبونەوەیەکدا کرد لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٥ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، تیایدا ئامادەییان دەربڕی بۆ دەستبەجێ دەستپێكردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق_توركیاوە".
ئەوەشی وتووە"دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنێكی پابەندکەر، كە دڵنیایی بدات بە پارەدانی هەناردەکردنی نەوت و بەجۆرێك گونجاوبێت لەگەڵ مەرجە گرێبەستییە هەنوکەیی و یاساییەکانی كۆمپانیاكان، هەروەها چارەسەرکردنی پاشەکەوتی پارە دواكەوتووەكانی كۆمپانیاكان".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر حەیان عەندوڵغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە زۆربەی مەرجەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم جێبەجێ کراوە و تەنها خاڵێکی کە ماوەتەوە پشکی نەوتی دابینکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم کە لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ڕێژەکەئ ناکۆکی هەیە.