نهانیوز-هەواڵەکان
ماڵپەرێکی عێراقی ئاشکرای کردووە کە پارتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە داوای نێونگیری کردوە لە ژمارەیەک سەرکردەی عێراق لەوانەش نوری مالیکی، هادی حامری و فالح فەیاز.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەمموز ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە" پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی سیاسی بۆ ژمارەیەک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە، داوای لێکردون دەستوەردان بکەن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن".
بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پەیامی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز، بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی ناردووە، تا رۆڵی نێوەندگیری ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
راشیگەیاندووە" پەیامەکان دوای کۆبونەوەی پارتی هاتووە و داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، دەستوەردان بكەن و فشار بخنە سەر حکومەت، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئابورییە کارەساتبارەی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبێت".
پێشتریش میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە کە پارتی بەڵێنی چارەسەری پرسی مووچەی لە ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی وەرگرتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پارتی پێشتر رایگەیاندبوو کە لە ئەگەری ئەوەی دوای 48 کاتژمێر بەغدا مووچە ڕەوانەی هەرێم نەکات لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیک بە هەفتەیەک تا ئێستا بڕیارەکەی جێبەجێ نەکردوە.