یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵادا لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبنەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆدەبنەوە، و ئەو بابەتانە دەخرێنە بەر باس کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە جێگری سەرۆکی پارتیشن، ئامادە دەبن.
لە لایەنی یەکێتییش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە، ئامادە دەبێت.
میدیای فەرمیی پارتی و یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆوە بڵاویانکردەوە، پرسی یەکهەڵوێستیی کورد لەبەرامبەر بەغداد و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن.
ئاماژەیان بەوەشداوە کە " یەکێتی رەشنووسێکی ئامادە کردووە؛ پارتییش رەشنووسێکی ئامادە کردووە. ئەمڕۆ تاوتوێی رەشنووسەکان دەکرێت."
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە میدیای پارتی وتووە" لە کۆبوونەوەکەدا چەندین مژاری دیکەش باس دەکرێن، لەوانە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا."
|