دادگای فیدراڵی لەسەر مووچە بریاری یەکلاکەرەوە دەدات
نها نیوز – هەواڵەکان
سبەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە و دادبینی بۆ دوو سکاڵا لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە یەکێک لە سکاڵاکانیشدا داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاری کراوە بۆ خەرجکردنی مووچە.
بە گوێرەی ئەو خشتەیەی كە دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ كۆبوونەوەكانی دایناوە، بڕیارە سبەینێ دووشەممە 14ی تەمموز، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی دەرکردنی فەرمانێکی سالاری تایبەت بە خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کۆببێتەوە.
هەربەگوێرەى خشتەى دانیشتنى سبەى دادگاى فیدراڵى، دادبینى بۆ چوار سکاڵا دەکرێت کە دووانیان لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون.
لە سکاڵاى یەکەمدا کە لەلایەن ژمارەیەک مووچەخۆرى هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵ تۆمارکراوە، داوا لە دادگا کراوە بڕیار بدات بە دوورخستنەوەى مووچەى هەرێمى کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان و خەرجى کردارى.
لە سکاڵاى دووەمیشدا کە لە دژى تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵ تۆمارکراوە داوا لە دادگا کراوە فەرمانێکى سالارى دەربکات بە پابەندکردنى وەزارەتى دارایی بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
|