نها نیوز – هەواڵەکان
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، یەکێتی نیگەرانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمە، هەموو هەوڵێکیش دەدات
لەڕێی رێککەوتنەوە کێشە موچە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی
سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی دکتۆر مەجید حەمەد ئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ جێگران و لێپرسراوى بەش و لێپرسراوى کۆمیتەکانی
سنووری مەڵبەندی 3ى هەولێری یەکێتی کۆبووەوە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ شەمە 12ی
تەمووز بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژیان و
گوزەرانی موچەخۆران کرد و هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند یەکێتی
پێیوایە بەدیلی رێککەوتن، هەر رێککەوتنە و هەمووهەوڵێکیش دەدات لەڕێی رێککەوتنەوە
کێشە موچە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات.
وتیشی "یەکێتی نیگەرانی ژیان و گوزەرانی
هاوڵاتییانی هەرێمە، هەربۆیە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ تا پەلە بکرێت لە
چارەسەرکردنی کێشەکان".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لە ئامادەکارییەکانی
یەکێتی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکان
کرد و روونیکردەوە یەکێتی ئامادەکارییەکی تەواوی کردوە بۆ هەڵبژاردن و چاوی لەسەر
تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورەیە لەم هەڵبژاردنەدا.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای هەرێم و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە، باسی لەوەکرد،
سەرکەوتنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، هەم پاراستن و بەهێزترکردنی
سەنگی کورد لە عیراق و ناوچەکەدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەم
بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم.
لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد، جێگران و لێپرسراوى
بەش و لێپرسراوی کۆمیتەکان و کادرەکانی یەکێتی ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و
لە ئێستاوە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ئامادەکاری تەواو بکەن، تا لە کاتی دەستپێکردنی
بانگەشەی هەڵبژاردندا بتوانن زۆرترین دەنگ بۆ لیستی یەکێتی و کاندیدەکانی کۆبکەنەوە.