وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ هەرێم لەسەر زۆربەی بڕگەکان ڕێککەوتن کراوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند" نزیکەی لەسەر هەموو بڕگەکان ڕێککەوتن کراوە، جگە لە بابەتی بڕی بەکاربردنی ناوخۆیی و پاڵاوتنی نەوت"، دەشڵێت"هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەکات بەڵام بەگوێرەی یاسا دەبێت بە 46 هەزار بەرمیل رازی بێت ئەوەش تەنها خاڵی ناکۆکییە".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند"یاسای بودجە بڕێکی دیاریکردووە لە نەوتی خاو کە پێویستە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت بە مەبەستی هەناردەکردنی. بەپێی یاساکە، دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی و بەدیاریکراوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکرێت، تا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە هەناردە بکرێت".
وتیشی: "لەم ماوەیەدا گفتوگۆ و دانوستانی زۆر و چڕ ئەنجامدراون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەموارێک لە یاسای بودجەدا بکرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەکە. لەناو هەموارەکەدا، بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراوی هەرێم وەک پێشینە دیاریکرا، هەروەها بڕیاردرا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی دیاری بکرێت بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر کێڵگەیەکدا بە جیا".
وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکانیش وتی" هەندێک بابەتی ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا هەن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە یاسای بودجەدا و لە ڕێگەی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەوە، ڕێککەوتن کرابوو کە بڕی پاڵاوتن یان بەکاربردنی ناوخۆیی بە 46 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دیاری بکرێت، بەڵام هەرێم ئێستا داوای 65 هەزار بەرمیل دەکات، ئەمەش پێچەوانەی یاسای بودجەیە".
وتیشی: "نزیکەی لەسەر هەموو بڕگەکان ڕێککەوتن کراوە جگە لەم بڕگەیە. هیوادارین لەم قۆناغە کۆتاییانەدا هەرێم بەو بڕە ڕازی بێت کە لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێریی داراییدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە".
وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە: "لە لایەن خۆمانەوە وەک حکومەتی فیدراڵی، لایەنی تورکی و لایەنی کوردیمان ئاگادار کردووەتەوە لە ئامادەییمان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی ئەم بڕە".
دەشڵێت" وەزیری وزەی تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە بەرەو جەیهان، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین براکانمان لە هەرێم ئەم بڕە نەوتە ڕادەست بکەن تا هەناردە بکرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا زیاتر لە 70 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و دۆخی ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان مەترسیدارە.
|