وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەڕەکەی خەبات لەسەر کێشەی زەوی و زار بووە و ڕێکاری یاساییش بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی شەڕەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنوورئ قەزای خەبات بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی".
ئەوەشی خستەڕوو کە " بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە".
ڕاشیگەیاند" داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە".
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت" ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنتەوە".
|