کوردستان

وتەبێژی ئاکپارتی: دەبێت پرۆسەی داماڵینی چەک لەماوەی 3-5 مانگ تەواو بێت

نهانیوز-هەواڵەکان

وتەبێژی ئاکپارتی ئاشکرای دەکات کە پرۆسەی داماڵینی چەک دەبێت لە ماوەی (3-5)مانگدا تەواو بێت، ئەگەر زیاتر لەوە بخایەنێت، ئەوا تووشی كێشە دەبێت.

عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان( ئاکپارتی) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن تی ڤی" رایگەیاند" پرۆسەکە بەو شێوەیەی کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانیش دەکەین لە ماوەی چەند رۆژێکدا چەكدانان رووبدات، ئەمەش واتە ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی فیزیکی دەستی پێکردووە، عێراق لە پێشینەی کارەکانیدا دانراوە، پرۆسەی داماڵینی چەک لە عێراق جیاواز دەبێت لەگەڵ پرۆسەی داماڵینی چەک لە سوریا".

وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێت" سەرۆکەكەمان سەرلەبەیانی رۆژی شەممە، وتارێکی مێژوویی پێشکەش دەدات، داوا لە تەواوی هاوڵاتیان دەكەین گوێی لێبگرن".

راشیگەیاند: بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت لایەنی سێیەم دەستوەردان بكات، ئەمە پڕۆژەیەکی کۆماری تورکیایە، تورکیایەکی دوور لە تیرۆر سەرچاوەی ئیلهام دەبێت بۆ هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە.

وتەبێژی ئاكپارتی باسی لەوەشكرد: پرۆسەی داماڵینی چەک دەبێت لە ماوەی (3-5)مانگدا تەواو بێت، ئەگەر زیاتر لەوە بخایەنێت، ئەوا تووشی كێشە دەبێت.

لەبارەی دۆخی سوریاش وتی: رێبازی ئێمە لە سوریا ئەوەیە،  سوریا سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بپارێزێت، یەک سوپای هەبێت.

داماڵینی چەکی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش تەنها لەڕێی تێکەڵبوونی بە سوپاوە بەدی دێت، پێویستە تێكەڵكردنی هەسەدە بە سوپای سوریا تەواو بێت و ببێتە بەشێک لە سوپا.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئامۆژگاری من بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەیە کە پرۆسەکە خێراتر بکەن، ئەگەر چەکەكانیان دانەماڵن، دەبێتە هەڕەشە بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و هەم بۆ کۆماری تورکیا، پێویستە هەسەدە ببێت بە بەشێک لە سوپای سوریا.

بەوتەی چەلیك، زلهێزەکان بۆ هەتاهەتایە لێرە نامێننەوە، دەیانەوێت خەڵک لێرە پێکەوە بژین، کاتێک زلهێزەکان دەڕۆن، تورکیا دەبێتە پارێزەری هەمووان.

14کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.