لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە نها راستی و دروستی ئاشکرادەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
دوای ئەوەی سکاڵایەک لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرا و داواکراوە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێتەوە، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە نها دەڵێت "دادگای فیدراڵی کە لە دەستوریدا هاتووە؛ نەیتوانیوە پەرلەمانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هەربۆیە دادگاکە ئەوەندە سیاسییە یاسایی نییە".
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بە نها نیوزی راگەیاند "سکاڵایەک هەیە کە لەبەر ئەوەی پەرلەمان کۆبوونەوەی خۆی نەکردووە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هەروەها لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمیش هاتووە؛ هەرکات لەوادەی دیاریکراوی خۆی کە ماوەی 45 رۆژە پەرلەمان نەیتوانی کۆببێتەوە ئەوە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت، بەڵام پەرلەمان کۆبوونەوەی یەکەمی خۆی کردووە و سوێندی یاسایی خواردووە، ئەوەی ماوە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە دواکەوتووە، بەڵام لەیاساکەدا ئەوە نەهاتووە کە بوترێت دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرا دەبێت هەڵبوەشێتەوە".
ناوبراو نمونەیەک بۆ نها باس دەکات و دەڵێت "پێشتر هەمان سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆمارکرابوو لەکاتێکدا لەوێدا بە دەستوریش کە دایکی یاساکانە هاتووە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی هەڵی نەوەشاندووەتەوە و دەستوەردانی نەکردووە".
لەبارەی ئەوەی تاچەند کۆبوونەوەی دادگاکە بۆ ئەو سکاڵایە وەکو فشار دەبێت بۆ رێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پەرلەمان، هیوا نەسرەدین ئاشکرای دەکای "ئەو فشارانە لەسەر هەموو لایەنەکان هەیە بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە براوەی یەکەمن و هەردوو حزبەکەش هەستیان بەو فشارەیە کردووە، بەڵام ئەوە لایەنە سیاسییەکان دەبێت وەڵام بدەنەوە".
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم سکاڵایە دەرئەنجامی دەبێت؟ جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان وتی "دادگای فیدڕاڵی ئەوەندەی سیاسییە؛ یاسایی نییە".
وتیشی "بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانیش وەستاوەتەوە سەر ڕێککەوتنی دوو حزبە براوە یەکەمەکە، چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستی بە 50+1ە، هەر لایەنێک بیەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێرەکەی یەکلا بکاتەوە پێویستی بە 51 دەنگ هەیە، گەر ئەو رێژە دەنگە ئامادەبن کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە قورس نازانم".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، لەسەر سکاڵایەک لە کوردستانەوە، بڕیارە رۆژیی یەکشەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سکاڵایەکی تایبەت بە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، کەتیایدا سکاڵاکە داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
|