نها نیوز – هەواڵەکان
هەفتەی داهاتوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک دژی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی ئەو خشتەیەی كە دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ كۆبوونەوەكانی دایناوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 14ی تەمموز، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی دەرکردنی فەرمانێکی سالاری تایبەت بە خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کۆببێتەوە.
دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سکاڵاکەی خستووەتە بەرنامەی کاری 14ی ئەم مانگەوە وکۆبوونەوەکە لەسەر سکاڵایەکە لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەهۆی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، تۆمارکراوە.
ئەو کاتەی وەزیریی دارایی عێراق بریاری راگرتنی مووچەی هەرێمی دا دوو سکاڵا تۆمار کران، لە سكاڵای یەكەمدا كە چەند فەرمانبەرێك لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق تۆماریان كردووە، داوا كراوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان و بابەتی خەرجیی فیعلی دوور بخرێتەوە.
هەروەها لە سكاڵای دووەمدا كە بە هەمان شێوە چەند فەرمانبەرێك لە دژی وەزیری دارایی عێراق تۆماریان كردووە، داوای دوو خاڵ دەكەن:
1/ وەزارەتی دارایی لە خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان بە شێوەی مانگانە و لە كاتی خۆیدا بەردەوام بێت، بەبێ رەچاوكردنی ناكۆكییەكان لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێی كوردستان بەهۆی تەفسیكردنی یاسای بودجەی گشتی یان هەر هۆكارێكی تر.
2/ دەركردنی فەرمانی سالاری بە پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دەستبەجێ و لەم مانگەوە تا داواكە یەكلا دەكرێتەوە.