کوردستان

قوباد تاڵەبانی سێ کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا

نهانیوز-هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە 9ی حوزەیران قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە ه سێ کۆبوونەوەدا بە جیا لەگەڵ  هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بە گوێرەی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکاندا  گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێم، روونیکردەوە بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە و وتیشی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەکانی ئەم دوایانە، هیوای خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ناوچەکە، چونکە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە و راشیگەیاند لە هەر شوێنێک پێویست بکات هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کوردستان، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی کرد لە کونسوڵی گشتیی ئوردن و سوپاسی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵادا. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ژاپۆنیش، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەخێرهێنانی، سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و داوایکرد کاری زیاتر بکرێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.

2کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.