نهانیوز-هەواڵەکان
دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێنج کەسی پێک هێنا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، ئەمرۆ لیژنەکە، بۆ هەڵسەنگاندنی هەر دوو رەشنووسی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم کۆ دەبێتەوە.
ئەمرۆچوارشەممە 9ی تەمووزی 2025 لیژنە پێنج کەسییە تایبەتەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان کۆدەبێتەوە.
لەو بارەیەوە خالید شوانی وەزیری دادی عێراق کە ئەندامی لیژنە پێنج کەسیەکەیە رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەری كێشەی مووچە پێكهێندراوە ئەمرۆ كاتژمێر 12:30 خولەكی نیوەڕۆ كۆدەبینەوە بەو هیوایەی كێشەی مووچە چارەسەربكرێت.
راشیگەیاند، 68 رۆژە دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە و داوامانكرد مووچە خەرجبكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا وردبینی بكرێت و كێشەكان چارەسەربكرێن.
وتیشی "هەر كات گەیشتینە رێككەوتن كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدرێت و دەنگ لەسەر پێشنیازەكان دەدرێت".
دوێنێ کوبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دراو ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لیژنەیەکی پێکهێنا لە وەزیرەکانی داد، تەندروستی، دارایی، پلاندانان، خوێندنی باڵا بۆ تاوتوێ کردن و یەکلایی کردنەوەی هەردوو پرۆژە پێشنیازەکەی حکومەتی ئیتحادی و هەرێم لەبارەی چارەسەری مووچەو نەوت و داهات و تەوتین.
بریارە لیژنەکە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکدەخات.