نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەمموزی 2025، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و داهاتی هەرێم پێکهێنا، هەریەک لە حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم، بە جیا رەشنووسێکیان ئامادەکردووە و لیژنەکە تاوتویێ ئەو دوو رەشنوسە دەکات.
دەقی هەردوو رەشنووسەکەی حوکمەتی هەرێم و عێراق:
رەشنووسەکەی هەرێم:
پێشنیاری یەکەم لەبارەی رادەستکردنی نەوت:
دەستکردنەوە بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ئێستا نەوتی بەرهەمهاتوو بریتییە لە ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوت، لەو ژمارەیە ٦٥ هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەکرێت بەمەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی، ئەگەر کۆمپانیاکانیش بکرێن بە هاوبەش راستەوخۆ سەرجەم نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ دەکرێت جگە لەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە.
پێشنیاری دووەم: ئەگەر کۆمپانیاکان هاوبەشیی نەکەن، ئەوا ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێت و ٦٥ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکرێت و هەرێم خۆی سەرپەرشتی دەکات.
پێشنیاری سێیەم: دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش و مانگەکانی دوای ئەوەش بنێرێت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەبێتە هۆی راگرتنی مووچە.
دەربارەی داهاتە نانەوتییەکان:
١- هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی ٥٠٪ی داهاتی گومرگ و باج دەداتە حکومەتی ناوەندی.
٢- لێدەرکردن لە نێوان پشکی خەزێنەی فیدڕاڵی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە حکومەتی ناوەند (لە تەرخانکراوە تەشغیلییەکان و وەبەرهێنان) وە پابەندبوون بە ئیلتیزامە داراییەکانی وەک دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
٣- وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەستدەکات بە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی ٢٠٢٥ و مانگەکانی دواتر، ئەویش لەژێر رۆشنیاریی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.
رەشنووسەکەی بەغدا:
یەکەم: رادەستکردنی نەوت هەرێم؛ پێویستە هەرێم هەموو ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت لە ئێستادا رادەستی بکات ( لە داهاتووشدا ئەگەر بڕی بەرهەم زیادی کرد دەبێت ئەوەش رادەست بکات) و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، لەو ٢٨٢ هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت ٢٣٦ی رادەست بکات و ٤٦ هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاربهێێت لە رێگەی لیژنەیەی هاوبەشەوە، دواتر ئەو بڕەی بۆ پێداویستی ناوخۆ دیاریکراوە گۆڕانکاری تیادادەکرێت، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە هاوبەشی ئەو بڕە دیاری دەکەن کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم پێویستە.
دووەم : داهاتی ناوخۆ؛ پێویستە هەرێم مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات و لە ٢٠٠ ملیار دیناریش کەمتر نەبێت، چونکە داهاتی ناوخۆی ساڵانەی هەرێم دەگاتە چوار تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار.
سێیەم: تەوتینی مووچە؛ لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت و لە ماوەی ٩٠ رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم تەوتین بکرێت.
چوارەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی تەواوبوونی پشکی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا
پێنجەم: وەزارەتی دارایی پابەند دەبێت بە ناردنی موچەی موچەخۆران، دوای پابەندبوونی هەرێم بە خاڵەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم، پاش رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران.