کوردستان

بەغدا چارەسەری پرسی مووچە دەخاتە "ساحەی" هەرێمەوە و گەورەترین قەرزیشی ئاشکرا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە، لەبەر پابەندنەبونەکانی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و بەتایبەت بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، فیدراڵ تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمدا دادەنێت. بەڵام ئەو ئەندامە زانیاری نەبیستراویش لەسەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هەرێم ئاشکرا دەکات.

مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە نافەرمی فیدراڵ وتووە "دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی لە یاسای بودجەی 2023دا ڕێکخراوە و تێیدا هاتووە دەبێت مووچە لە بانکە حکومییەکان یان بانکە بڕواپێکراوەکانی بانکی ناوەندی یاخود تەنانەت بانکە ئەهلییەکانیش بەبانکی بکرێن و ئەوەش وەک مەرجی سەرەکی خەرجکردنی مووچە دانراوە".

وتیشی "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری بەبانکیکردنی مووچەوە پابەند نەبووە، ئەوەش وایکرد حکومەتی فیدراڵی مووچەی هەرێم وەک پێشینە و قەرز بنێرێت".

ناوبراو لەوبارەیەوە زیاتری وت "دەبوو دواتر ئەو پێشینانە لە پشکی هەرێمی کوردستان بدرایەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم نە داهاتی نانەوتی و نە داهاتی نەوتیی پێشووشی ڕادەست نەکردووە، ئەمە جگە لە کەڵەکەبوونی قەرز لەسەری کە 4 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری تێپەڕاندووە".

گەرعاوی ئاماژەی بەوەشدا "ئەوە وایکرد کە وەزارەتی دارایی عێراق بەشێوەیەکی کاتیی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تا ئەو کاتەی گرفتەکە چاەرسەر دەکرێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و دەبێت بە هەموو بڕگەکانی یاسای بودجەوە پابەند بێت و ئەو شایستە داراییانەی لەسەرێتی بیدات."

"چارەسەرکردنی کێشەکە بریتییە لە بە بانکیکردنی مووچە بەشێوەیەکی فەرمی، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی، ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش گەرەنتی بکرێت". مستەفا گەرعاوی وای وت
 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.