کوردستان

توركیا سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمکردەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "بۆ یەكەمجارە سزاكانی توركیا بۆسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمبكرێتەوە. دەشڵێت: "سەرۆك كۆماری توركیا بەڵێنیدا، تیمەكەی راسپێرێت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، لە هەماهەنگیدابن بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان".

كاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە وێبسایتی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی وت "درێژكردنەوەی سزاكانی سەر فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە لەلایەن دەسەڵاتی فڕ‌ۆكەوانی توركیاوە، دەرئەنجامی هەوڵەكانە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا، چونكە لە رابردوودا درێژكردنەوەی سزاكان شەش مانگی بوون".

وتیشی "مەرج نییە سزاكە سێ مانگەكە تەواوبكات، چونكە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیا دەتوانێت پێش سێ مانگەكە سزاكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵبووەشێنێتەوە".

بەوتەی یاروەیس "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمجارە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیا سزاكانی بۆسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمبكاتەوە، كە پێدەچێت ئەوكاتە وەك هەڵسەنگاندنێك دیاریكرابێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و وڵاتی توركیا، كە پێشتر بەهۆكاری جیاواز پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزی تێكەوت".


ئەندامەكەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەشێكە لەپاكێجی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا، كە پەیوەندی بە پرسی نیشتمانییەوە هەبووە، لە ئێستاشدا كە گرژییەكانی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕۆن و پرسی ئاشتی لە توركیادا سەریهەڵداوە و یەکێتیش پشتیوانی دەکات.

"لە كۆتا سەردانماندا بۆ توركیا، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە پێی راگەیاندین، كە تیمەكەم رادەسپێرم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەماهەنگیدابن بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان". کاروان یاروەیس وای وت
 
توركیا  بۆ یەكەمجار  لە 6ـی 4ی 2023 گەمارۆی گەشتە ئاسمانییەكانی خستە سەر فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لە رۆژی 13ـی 1ـی2024 جارێكی دیكە گەمارۆكانی درێژكردەوە، هاوكات رۆژی 22ـی6ـی2024 بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە گەمارۆكانی نوێكردەوە، رۆژی 6ـی1ـی2025 بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە گەمارۆكانی نوێكردەوە.

هاوکات ئەمڕۆش 6ی 7ی 2025 بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە گەمارۆكانی نوێكردەوە و بەمەش زیاتر لە دوو ساڵە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن توركیاوە گەمارۆی خراوەتەسەر.
8کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.