پەیامی مەسرور بارزانی و مەحمود مەشهەدانی لەبارەی مووچە
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە ئەوە کردەوە کە پێویستە کێشەی مووچە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
هەر لەو بارەیەوە نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە بە گوێرەی راگەیەنراوەکە"هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت بەهیچ شێوەیەک بابەتی مووچە تێکەڵ بەهیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە."
هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە "پێویستە لە زووترین کاتدا کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژەدا کێشەکە چارەسەر بکرێت."
نووسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
|