کوردستان

حكومەتی هەرێم داوای روونکردنەوە لەسەربەقەزا بوونی قەرەتەپە دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

حكومەتی هەرێم لەسەرپرسی بە قەزابوونی قەرەتەپەداوای روونكردنەوەی بەپەلە دەکات، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش، دەڵێت "دروستكردنی قەزا یاخود هەر گۆڕانكارییەكی دیكە لە ناوچەكانی ماددەی 140، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور".

فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە میدیای فەرمی یەکێتیی راگەیاند، پرسی دروستكردنی قەزایەك لە ناوچە جێناكۆكەكان واتا ئەو ناوچانەی دەكەوێتە سنووری ماددەی 140 ەوە، پرسێكی هاوبەشە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق، ئەو ناوچانە بەپێی دەستوور بە ناوچەی جێناكۆك دیاریكراون، بۆیە هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی دیمۆگرافی لەو ناچانە پێویستی بە بڕیاری هاوبەشە.

دەشڵیت "وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پێشكەوتنی ژیانی كۆمەڵایەتی دانیشتووانی ئەو ناوچانەداین، بەڵام پێمانوایە دروستكردنی قەزا یاخود هەر گۆڕانكارییەكی دیكە لە ناوچەكانی ماددەی 140، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشانەی كە لەنێوان هەردوو حكومەتدا هەن".

فەهمی بورهان روونیکردوەوە، وەك حكومەتی هەرێم لەم هەفتەیەدا نووسراوی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای ماددەی 140 ی دەستوور دەكەین و بۆچوونی خۆمان لەبارەی ئەو گۆڕانكارییە و چەند حاڵەتێكی دیكە كە لەناوچە كوردستانییەكاندا هەن دەخەینەڕوو، هاوكات داوای روونكردنەوەش دەكەين.

پێشتر ناحیەكانی قەرەتەپە، كۆكس و جەبارە سەر بە هیچ قەزایەك نەبوون، بەڵكو راستەوخۆ سەر بەپارێزگای دیالە بوون، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، كە قەرەتەپەی كردووەتە قەزا، هەریەك لە ناحیەكانی جەبارە و كۆكسی خستووەتە سەر قەزاكە.

قەرەتەپە كە دەكەوێتە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان و بەپێی ماددەی 140 ی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، یەكێك لە ناحیەكانی قەزای كفری و دەكەوێتە دەریاچەی حەمرین و نزیكەی 40 كم لە ناوەندی پارێزگای دیالەوە دوورە، دانیشتوانەكەی لە كورد و عەرەب و توركمان پێكھاتوون.

 
4کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.