نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەی لیستی کاندیدەکان و ناردنیانین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرچاوەیەکیش لەکۆمسیۆن دەڵێت "دوای پەسەندکردنی لیست و کاندیدەکان تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارە و لیست و کاندیدەکان دەکرێت".
ئەمرۆ5ی تەمموزی 2025 عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمسیۆن پڕۆسەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکانی تەواوکردووە، تائێستاش هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ هەموارکردنەوە یان وەرگرتنی لیستی نوێ.
راشیگەیاند، هیچ بڕیارێك نییه بۆ دووباره كردنهوهی دهرگای ناوتۆماركردن بۆ كاندیدهكان، بهو پێیهی كۆمسیۆنهكه لهسهر خشتهی دیاریكراو كارهكانی بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی عیراق رێكدهخات.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەروەها دەشڵێت "ئێستا کۆمسیۆن گەیشتووەتە قۆناغی پێداچوونەوە بە لیستی کاندیدەکان و ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پەسەندکردنی ئەو لیستانە و ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دیاریکردنی ژمارە بە قەوارەکان".
پێشترجومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایگەیاند، 160 هاوپەیمانی و حزب و لیستی تاكەكەسی، لیستی ناوی كاندیدەكانیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش كردووە.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژی 11ی11ی2025ی وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكرد، لەبەرئەوە ناوی لیست و قەوارەکان پێشکەش بە کۆمسیۆن کراوە و چاوەڕوانی کۆتایی رێکارەکانن، تاوەکو دەست بە بانگەشە بکەن.