ئەم مانگە کۆتایی بە چەکەکانی پەکەکە دەهێنرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
رۆژنامەی تورکیە رایگەیاند، پرۆسەی رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. اماژە بەوەش دەکات چەند شوێنێک ئاماژە پێداوە بۆ دانانی چەک.
ئەمڕۆ رۆژنامەی تورکگون بڵاویکردەوە، پرۆسەی رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە عێراق هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
راشیگەیاند “یەکێک لە بەرپرسە گرنگەکانی سوریا و قەندیل لەگەڵ ئۆجەلان چاویان بەیەک کەوتووە، هیچ کێشەیەک لەبەردەم پرۆسەکەدا نییە، سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن لە عێڕاق هەموو ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی چەکەکان کۆتاییان هاتووە".
هەربەپێی رۆژنامەکە، گرووپێکی 50 کەسی لە نزیکی دهۆک لەسەر سنوری تورکیا بە ئامادەبوونی چاودێران، لەماوەی 10 رۆژدا چەکەکانیان رادەست دەکەن.
ئەووش خراوەتە روو، سەرجەم چەکەکان تۆمار دەکرێن لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی ئەرێنیی دۆخەکە، تا مانگی ئەیلول پەکەکە سەرجەم چەکەکانیان دادەنێن.
پێشتر رۆژنامەی نەفەسی تورکیا بڵاویکردەوە چەکدانان لە پێنج خاڵی جیاوازدا بە چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
هاوکات چەند رۆژێکە میدیای تورکیا باس لەوە دەکات، چەکدانان لە سنووری سلێمانی دەبێت و وەک نیازپاکییەک بۆ پرۆسەی ئاشتی چەند چەکدارێکی پەکەکە چەک دادەنێن.
جێی ئاماژەیە رۆژی سێشەممەی رابردوو 01-07-2025 میدیای تورکیا رایگەیاند، ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، رێبەر ئەحمەد و بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆرانکارییەکانی ناوچەکە لەدوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا.
|