نهانیوز-هەواڵەکان
گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و مووچە بەردەوامە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت، هەرێم و بەغداد رێككەوتنێكی نوێ واژوو دەكەن و مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە لێدوانێكدا بە میدیای نزیک لە یەکێتیی راگەیاند، هەرێم و بەغدارێككەوتنێكی نوێ لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و داهاتی ناوخۆ و ناردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم واژوودەكەن.
وتیشی، رێككەوتنەكە بۆ پەلەكردنە لە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران كە لە دوو رۆژی داهاتوودا رێككەوتنەكە رادەگەیەنرێت و بڵاودەكرێتەوە.
بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان شاندێکی باڵای هەرێم لە بەغدایە، بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داواکارییەکانی بەغدا بریتییە لەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ رادەست بکات، لەگەڵ 130 ملیار دینار داهاتی نانەوتی. لە بەرامبەردا، شاندی هەرێمی کوردستان داوای ناردنی مووچەی فەرمانبەران، دابینکردنی کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتەی رادەستی دەکات، هەروەها دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی کردووە.
بە پێی زانیارییەکان تاوەکو رادەیەک لێکنزیکبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدرێت.
ماوەی دوو رۆژە وەفدێکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەغدایە و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەست پێکردووە بۆ ڕێككەوتن لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و داهاتەكانی ناوخۆ، حکومەتی ناوەندیش لەبەرامبەردا مووچەی هەرێم دەنێرێت.