نهانیوز- هەواڵەکان
لەبارەی دەستنیشانکردنی مونزیر ئیبراهیم لە بری جاسم عەبود وەکوو سەرۆکی دادگای فیدراڵی پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت" سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری یارییەکەی لە جاسم عەبود بردەوە ، عێراق لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتر بووەتەوە و زیانی گەورە بە کوردیش دەگات".
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتی دادوەری بڵاویکردەوە کە جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بە هۆکاری تەندروستی خانەنشین کراوە و لە بری ئەو مونزیر ئیبراهیم، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە کاندید کراوە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەململانێیدا لەگەڵ دادوەر جاسم عەبود سەرۆکی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی یارییەکەی بردەوە و پێگەی خۆی لە دەوڵەتی قووڵ بەهێزتر کرد".
وتیشی"ململانێی نێوان فایەق زێدان و جاسم عەبود نمونەی زیندووی بەریەککەوتنی دامەزراوەکانە لەعێراق و زاڵبوونی هەژموونی کەسیە بەسەر ڕۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا".
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە " بەریەککەوتنی دەسەڵات و دامەزراوەکان، قووڵبونەوەی ناکۆکیەکانیان، تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکانیان و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هۆکارەکەیپشک پشکێنەی سیاسی و کەسیی و گروپە جیاجیاکانن".
ئەوەشی خستەڕوو کە لاوازبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتایبەتی دامەزراوەو دەسەڵاتە فیدراڵیەکان تەنها زیانی گەورەی بۆ عێراق نابێ، بەڵکو زیانی گەورەتری بۆ کورد دەبێت. جگە لە مەترسیە دەرەکیەکان و هاوکێشە هەرێمایەتیەکان، لەوانە هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی (بەرەی مقاومە) و سڕکردنی شەڕی ئێران- ئیسرائیل، کە دوێنێ سەرکردەیەکی بەئاگای وەک نوری مالیکی هۆشداریدا و وتی عێراق بەدوورنابێ لەمەترسیەکان.
کاروان یاروەیس وتیشی" لەناوخۆدا مەترسی گەورەتر هەیە، کە سیستەمی حوکمڕانی و سیاسی لەعێراق بەسەرچووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرەو بنبەست دەچێت، قووڵبوونەوەی ململانێیەکان و تەشەنەکردنی گەندەڵی و بەرتیل خواردن و خراپ بەرێوەبردن و لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوەکان و بوونی چەک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەمەترسیە جددییەکانن".
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەشڵێت" شیعەکان نایانەوێت هەڵبژاردن دوابکەوێت بۆئەوەی بۆشایی دەستووری دروست نەبێت و دەسەڵاتی شیعە شەرعیەتی دەستووری لەدەست نەدات، بەڵام دەبێت هەنگاوی جددی بنێن بۆ چاکسازی لەدەسەڵاتەکەیان بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت".