کوردستان

نها مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دەستگیرکراوانی پێنجشەممەی ڕابردوو ئاشکرا دەکات

نها نیوز- هەواڵەکان

مامۆستایان و چالاکوانانی سلێمانی باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و بۆ ڕۆژی دواتر سەرجەم دەستگیرکراوان ئازادکراون، جەختیش دەکەنەوە بەردەوامیش دەبن لەگرتنەبەری رێگەی مەدەنی بۆ گەیاندنی ناڕەزاییەکانیان لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچە.

ئەمڕۆ شەممە، عوسمان گوڵپی، یەکێک لە بەشداربووەکانی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو و مامۆستای ناڕازی لە لێدوانێکدا بۆ نها نیوز ڕایگەیاند: "چالاکوانان  و مامۆستایانی ناڕازی دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، زۆر ڕانەگیران و بۆ ڕۆژی دواتر هەموویان ئازاد کران، من خۆم زۆرترین ماوە لە بەندیخانە ڕاگیرام و دوو ڕۆژ مامەوە ئینجا ئازاد کرام".

دەربارەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانیش لەگەڵ دەستگیرکراوەکان عوسمان گوڵپی، وتی: "کارێکی دروست نەبوو، دەستگیرکردنمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و مایەی ئیدانەکردنە، لەگەڵ ئەوەش بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردین و لەماوەیەکی کەمیشدا سەرجەم دەستگیرکراوان ئازادکران".

ئەو مامۆستا ناڕازییە، دەربارەی هەنگاوی داهاتوویان بۆ ئەنجامدانی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دواکەوتنی زیاتری مووچە ئاماژەی بەوەش دەکات، تائێستا ئەو پرسەیان تاوتوێ نەکردووە،" بەڵام لە داهاتوودا ڕێگای دیکەی خەباتی مەدەنی دەگرنە بەجۆرێک نەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی پێشوو دەستەیەک لەچالاکوانان و مامۆستایانی نارازی لە سلێمانی لەبەرامبەر دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەڵام بەهۆیەوە گرژی لەنێوان ناڕازییەکان و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو و بەهۆیەوە بەشێک لە ناڕازییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

2025-06-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.