ناوی سەرۆک لیستەکان لە پارێزگاکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
بڕیارە 11ی 11ی 2025 ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئەمڕۆش دوایین رۆژی وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی لیستەکانە و زورینەی حزبەکانی هەرێم ناوی سەرۆکی لیستەکانیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کردووە.
سەرۆک لیستەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی لیستەکانی دیاریکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان ، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە پارێزگای هەولێر.
د. رێکەوت حەمەڕەشید، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەبێت لە سلێمانی، رێبوار تەها، سەرۆکی لیستە لە کەرکووک و ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە دەبێت لە دهۆک.
سەۆک لیستەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردن
بەگوێرەی زانیارییەکان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری ئێستای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بۆ پارێزگای کەرکووک و د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی حیزبەکە دەبێت بۆ پارێزگای سلێمانی و د. فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری پێشووی دهۆک سەرۆکی لیستەکە دەبێت لەو پارێزگایە.
بەپێی لیستی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، د. سەلام خۆشناو، کەسی یەکەمی لیستەکەیە لە پارێزگای هەولێر، بەڵام بەرپرسێکی حیزبەکە بە میدیای پارتی وت "تاوەکو ئێستا ئەو ناوە یەکلا نەکراوەتەوە".
سەرۆک لیستەکانی نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو
بەرپرسێکی باڵا لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاندووە "ئوسامە جەمیل، دەبێتە سەرۆکی لیستەکەمان لە بازنەی هەولێر، د. موسەننا ئەمین لە سلێمانی و جەمال کۆچەر لە دهۆک سەرۆکی لیست دەبن".
هەروەها بەگوێرەی میدیای نەوەی نوێ، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سروە عەبدولواحید، سەرۆکی لیستەکەیان دەبێت لە پارێزگای سلێمانی، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی لیست دەبێت لە بازنەی هەولێر، هەروەها سلێمان مووسا، سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە دهۆک.
نەوەی نوێ لە پارێزگاکانی دیکەش سەرۆک لیستی یەکلا کردووەتەوە، ئومێد محەممەد، سەرۆکی لیست دەبێت لە پارێزگای کەرکووک، هەروەها ئیسماعیل خەسرەو، سەرۆکی لیست لە موسڵ و شوان جەلال، سەرۆکی لیستی جووڵانەوەکە دەبێت لە دیالە.
هەروەها ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ناوی سەرۆک لیستەکانی بۆ هەڵبژاردن دیاریکرد.
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند"محەممەد حەکیم، سەرۆکی لیست دەبێت لە سلێمانی، شوان رابەر، سەرۆک لیستە لە هەولێر و لە دهۆکیش وەلید قادر مستەفا سەرۆکی لیستەکەمانە".
|